Adv

Tuesday, 6 September 2011

ئەگەر لوتف و ڕەحمەتی خوای گەورە نەبوایە ھیچ کات نەمدەتوانی موسڵمان ببم



(فا بیان)ی کچە بیست و ھەشت ساڵەی فەرەنسی ماوەیەک مەوبەر ناسراوێکی بەناوبانگی مۆد نمایشکاری جلوبەرگ بوو کە کۆمپانیا گەورەکان بەبۆنەی جوانیەکەیەوە گرێبەستی گەورەیان ئەنجام دەدا. وێنەی ئەو لە گۆڤار و کەناڵە جیا جیاکانی تەلەفزیۆندا پەخش دەکرا، بەڵام ئێستا لە گوندێکی دورە دەستی ئەفغانستان سەرقاڵە بە تیمارکردنی نەخۆش و لە ژیانی خۆی زۆر ڕازیی و خۆشحاڵە بەھۆی ئەوەی کە ئەو ئێستا ھیدایەتی ئیسلامی وەرگرتووە و کەسێکی مسوڵمانە.
(فا بیان) بە بڕوا بەخۆبوونێکی تەواوەوە وتی: "ئەگەر لوتف و ڕەحمەتی خوای گەورە نەبوایە ھیچ کات نەمدەتوانی موسڵمان ببم و تا کۆتایی ژیان وەک ئاژەڵێک ژیانم بەسەر دەبرد، من لەو ژیانەدا تەنھا بەدوای تێرکردنی ئارەزووەکانی خۆم بووم ھیچ بایەخێکم بۆ خۆم نەھێشتبوویەوە، لە منداڵیدا ئارەزووم ئەوەبوو کە ببم بە پەرستار وە ئێستاش کە موسڵمان بووم بەو ئارەزووەی خۆم گەشتووم".
بەڵێ ئەو بە ئارەزووەکانی خۆی گەشتووە و ئێستا ڕێگای ھیدایەتی پەیدا کردووە، ئەو تا دوێنێ ھەموو خواستەکانی دنیایی ھەبوو، سەروەت و سامان، ھەوەس و ئارەزوو، بەڵام ئێستا حەقیقەت و ڕاستی ھەیە، ئارامی ھەیە، بڕوابەخۆبوونی ھەیە شتێکی ھەیە کە پێشتر ھیچ کات نەیبووە ئەویش (ئیمان)ە.
ئەو وتی: "لەکاتی منداڵیمدا بەردەوام لە خەیاڵمدا ھاوکاری منداڵانی نەخۆشم کردووە بەڵام کاتێک کە گەورەبووم بەھۆی جوانی ڕواڵەتەوە کە ھەمە لەناکاو پەلکێشکرام بۆلای دنیای مۆد و لە ڕواڵەتی من سوود وەردەگیرا".
ئەم کچە تازە موسڵمان بووە لە درێژەی وتەکانیدا وتی: "جارێک لە یەکێک لە بەرنامەکاندا لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بانگھێشت کرام بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان، کاتێک ڕۆشتمە ئەوێ ھەندێک دیمەنم بینی لە ھەموو تەمەنمدا ئەو دیمەنانەم نەمدیبوو، لەوێدا زیاتر لە ڕابردووم سەرزەنشتی خۆمم دەکرد و وردە وردە گۆڕام تا لە کۆتاییدا گەیشتم بە ئایینی ئیسلام کە مرۆڤایەتی تەواوی تێدایە، پاش موسڵمان بوونم لە بەیروت سەفەرم کرد بۆ پاکستان و لە مەرزی ئەو وڵاتەوە رۆشتم بۆ ئەفغانستان و لەوێ سەرقاڵ بووم بە کۆمەکی منداڵان و برینداران کە یەکێک بوو لە ئارەزووە دێرینەکانی منداڵیم".
کاتێک (فابیان) موسڵمان بوو زۆرێک ھەوڵیاندا لەو ڕێیەی کە ھەڵبژاردبوو پەشیمانی بکەنەوە، (فابیان) لەم بارەیەوە وتی: "کۆمپانیاکانی مۆدە دوای ئەوەی کە لە موسڵمانبوونی من ئاگاداربوون، ھەوڵیاندا بمگەڕێننەوە بۆ ڕێگای پێشووم ھەر بۆ ئەو مەبەستەش دیاریی زۆریان بۆ دەناردم و پێشنیاریانکرد کە سێ بەرابەری ئەو پارەی کە پێشتر وەرمدەگرت پێم دەدەن، بەڵام من تازە ڕێگای سەرەکی خۆمم دۆزبویەوە و ھەموو دیارییەکانم بۆ ناردنەوە و پێشنیارەکانیشیانم ڕەدکردەوە و ئێستا ھەست دەکەم کە لە خۆشبەختیەکی تەواودا ژیان بەسەر دەبەم".
ھەروەھا ماڵەوەشیان ھەوڵی زۆیاندا کە ڕێگە لە کاری ئەو بگرن بەڵام (فابیان) بۆ ئەو ڕێگایەی کە ھەڵبژاردبوو سور بوو لەسەری، ئێستا ئەو ژیانی خۆی دادەنێت لە پێناو ھاوکاری بە خەڵکی تا ئێمە فێر بکات کە گرنگترین شتێک کە مرۆڤ ھەیبێت ئیمانەکەیەتی و بەو ھۆیەشەوە دەکرێت لە ناوبانگ و سەروەرت و سامان دەست ھەڵبگریت.


سەرچاوە: ماڵپەڕی بزووتنەوە نێت

(( انك لن احببت ولكن الله یهدی من یشاء ))
 له‌ دوعای خێر بێبه‌شمان مه‌كه‌ن

No comments: